سروه عبدالواحد و ئه‌خلاقی میدیای کوردی |
مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی 9 . 12 . 2016 ده‌گێڕنه‌وه که‌سێک هه‌بوو ناوی زمناکۆ بوو، چیرۆکی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م زمناکۆیه وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی ڕوونی لێدوانه‌کانی سروه وایه.! له ڕاستیدا هه‌ردووکیان هه‌م پاڵه‌وان و هه‌م قوربانین به‌ڵام ئێمه دیوه جه‌للاده‌که‌ی ده‌بینین. زمناکۆ که‌سێکی ڕووخۆش بوو، ئه‌گه‌ر له‌کاتی پێکه‌نیندا ته‌ماشای ده‌موچاویت بکردایه وات ده‌زانی که‌سێکی زۆر نزیکته‌و ده‌یهه‌وێت وه‌ک ئازیزێک بتگرێته ئامێز چونکه میهره‌بانی لێ ده‌تکا.! چاوه‌کانی گه‌ش گه‌ش، به بریقه‌و ڕه‌ونه‌قێکی پریشکهاوێژه‌وه ده‌یڕوانیه چاوه‌کانت و وا هه‌ستت ده‌کرد که گلێنه‌و بیبیله‌کانی له‌ڕوانینی تۆدادا کۆکردوه‌ته‌وه. که‌مدوو، له‌به‌ر که‌مدوویی دووره‌په‌رێزو په‌ڕگیریش بوو، حه‌زی به‌تێکه‌ڵاوی نه‌ده‌کرد، باسی هیچ که‌سایه‌تیه‌کی نه‌ده‌کردو حه‌زیشی نه‌ده‌کرد که‌س باسی بکات. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو ته‌مه‌نی زمناکۆ گه‌یشتبووه په‌نجاو پێنج ساڵ به‌ڵام هێشتا هاوسه‌رگیری نه‌کردبوو. هه‌موو خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک ده‌یانزانی بۆچی زمناکۆ هاوسه‌رگیری نه‌کردووه.! کێشه بنه‌ڕه‌تیه‌که‌ش هه‌ر لای زمناکۆ بوو. که که‌سێک به‌دبه‌خت بوو ئیتر کێوی هیمایالات بۆ بڕوخێنێت تۆ پێی ده‌ڵێت جا ئه‌وه چیه.! کتومت وه‌ک په‌نده‌که‌ی پێشینان: که فه‌له‌ک چه‌رخی جوڵاند پاشا ده‌کات به گه‌دا. فه‌له‌کیش له‌گه‌ڵ زمناکۆ نه‌یکردبوو، ئه‌م مرۆڤه‌ی که له‌ده‌روونیدا پاشا بوو، به‌ده‌ست کۆمه‌ڵێکه‌وه بوو بوو به گه‌داو مایه‌ی گاڵته‌جاڕی. وتمان زمناکۆ که‌مدوو بوو به‌ڵام ئه‌و جار جاره‌و ئه‌و که‌مه قسه‌یه‌ی ده‌یکرد ڕه‌ق ڕه‌ق که‌لـله‌ی زه‌به‌لاحترین که‌سی ده‌ته‌قاند، هێنده‌ی ئه‌ڵماسیش تیژ بوون، به یه‌ک وشه هه‌ر زۆر زوو شوشه ناسکه‌کانی ده‌کرد به دوو که‌رته‌وه.! خۆ ئه‌گه‌ر که‌مێک قسه‌ی له‌سه‌ر که‌سێک بکردایه ده‌تگوت ئه‌تۆمی پێدا ده‌ته‌قێنێته‌وه.! هه‌رچه‌ند ده‌ویست خۆی بگرێ و قسه بجوێت ئینجا قووتی بدات به‌ڵام نه‌یده‌توانی و خۆی به خۆی ده‌گوت (من بڵێم چی، هه‌قم بۆیه ڕه‌قم، ته‌بیعه‌تم وایه‌و ناتوانم خۆم بگۆڕم، با ئه‌وان قسه‌م له‌گه‌ڵ نه‌که‌ن ئیتر که‌سیش قسه‌ی ڕه‌قم لێ نابیستێت.) جارێکیان مه‌لای گه‌ڕه‌که‌که‌یان، مامۆستا مه‌لا عبدالحميد، له‌کاتی چوونی بۆ مزگه‌وت زمناکۆی بینیبوو، بانگی کردووه‌و هه‌ر له‌سووچی کۆڵانه‌که‌داو هه‌ر به‌پێوه که‌مێک قسه‌ی بۆ کردوه: (کوڕم بگه‌ڕێوه بۆ لای خوای گه‌وره‌و ئیتر به‌سه ئه‌وه‌نده هێرش مه‌که‌ره سه‌ر ئه‌م و ئه‌و، تۆ بۆ ئه‌وه‌نده سوکایه‌تی به‌م و به‌و ده‌که‌یت؟ بۆ قسه‌ی ناشرین به‌م و ئه‌و ده‌ده‌یت؟ بۆ ڕێزی ئه‌م و ئه‌و ناگریت؟ ). هه‌ندێک له ئایه‌ت و حه‌دیسه‌کانیشی بۆ خوێندبوه‌وه. ڕاستیه‌که‌ی زمناکۆ زۆر به ئه‌ده‌به‌وه وه‌ستابوو گوێبیستی قسه‌کانی مه‌لا بوو به‌ڵام جار جاره له‌جێی خۆی ده‌جوڵاو هه‌نگاوێک لێی دوور ده‌که‌وته‌وه، هه‌ر جارێکیش زمناکۆ هه‌نگاوێکی بۆ دواوه بنایه مه‌لاش هه‌نگاوێک بۆی ده‌چووه پێشه‌وه‌و به‌رده‌وام قسه‌ی بۆ ده‌کردووه. له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکی زمناکۆدا بۆ دواوه مه‌لاش خێراتر هه‌نگاوی ده‌ناو لێی نزیکتر ده‌بوه‌وه، تومه‌ز بۆنی ده‌می مه‌لا زمناکۆی هه‌راسان کردبوو، هه‌رچه‌ند ویستویه‌تی که‌مێک لێی دوور بکه‌وێته‌وه تا هه‌ست به بۆنه‌که‌ی نه‌کات به‌ڵام مه‌لا وا لێی تێگه‌یشتوه که له‌قسه‌کانی بێتاقه‌ت بووه، مۆڵه‌تی پێ نه‌داوه‌و لێی نزیک بوه‌ته‌وه، دواجار زمناکۆ به‌ڕووی مه‌لادا ته‌قیوه‌ته‌وه: ئه‌رێ مامۆستا مه‌لا عبدالحميد ئه‌م بۆنه پیسه چیه له ده‌مت دێته ده‌ره‌وه ماڵت ئاوا بێت؟؟ ئه‌وه بۆ دووجار ده‌مووددانت ناشۆیت؟ بۆنێکی زۆر زۆر پیس له‌ناو ده‌مت دێته ده‌ره‌وه مه‌گه‌ر بۆنی زێراب ده‌نا هیچ بۆنێکی بۆگه‌نی تر ناگاته بۆنی ده‌می تۆ.! ڕۆژه‌ڕێیه‌ک ده‌ڕوات، به‌و خوایه‌ی تۆ ده‌یپه‌رستیت من ئه‌و ده‌مه بۆگه‌نه‌ی تۆم پێوه بوایه هیچم پێ نه‌ده‌کردو هه‌ر (گوو)م پێ ده‌خوارد.! به ناڕه‌زاییه‌وه مه‌لا عبدالحميدی جێهێشت و له‌به‌ر خۆشیه‌وه هه‌رقسه‌ی ده‌کرد: ئه‌وه بۆنی ده‌م نه‌بوو ئه‌وه کیمیایی بوو، کیمیایی. مه‌لاش وه‌ک بڵێیت کاره‌بایان لێدابێت له‌جێی خۆی وشک بوو بوو. به‌خه‌ڵکی ده‌گووت ئه‌رێ موسڵمانینه وه‌رن بۆنی ده‌مم بکه‌ن بزانن بۆنی هه‌یه؟؟ خه‌ڵکه‌که‌ش بۆ ئه‌وه‌ی لێی نزیک نه‌بنه‌وه تا بۆنی ئه‌و هاڵاوه بۆگه‌ناویه نه‌چێت به لوتیاندا هه‌ر له دووره‌وه ده‌یانگوت: خوا جه‌زای خێرت بداته‌وه مامۆستا عه‌یبت نیه. هه‌ستی کردبوو که که‌مێک بۆنی ده‌می هه‌یه به‌ڵام هێجگار به‌و شێوه‌یه نه‌بوو که زمناکۆ باسی لێوه ده‌کرد.! بۆیه چاوی سوور سوور پریشکی ئاگری فڕێده‌دا. پاش ئه‌وه‌ی له مزگه‌وت نوێژی جه‌ماعه‌تی بۆ خه‌ڵکه‌که کردبوو به ده‌نگی به‌رز دوعای شه‌ڕی له‌و که‌سانه کردبوو که گوێ بۆ ئامۆژگاری پیاوانی خوا ناگرن، هه‌روه‌ها که‌مێکیش باسی سیواکی کردبوو که چ موعجیزه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. وا دیاربوو که قسه‌کانی زمناکۆ باش له‌دڵی چه‌قی بوو. که‌مێکیش چپه چپی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک موسڵماندا کردبوو، ئه‌وانیش وتبویان: (باشه ئه‌و زۆڵه بۆ سوکایه‌تی به دینه‌که‌مان ده‌کات؟ ئه‌و بۆچی به ئایه‌ته‌کانی قورئانی وتووه بۆگه‌ن.؟ بۆ ڕێز له پیرۆزیه‌کانمان ناگرێت، خوا هیدایه‌تی بدات ده‌نا وه‌ک سه‌گ بیتۆپێنێت.) زمناکۆ ئاوا بوو، یان قسه‌ی نه‌ده‌کرد، یانیش ئه‌گه‌ر بیکردایه زمان و ده‌می وه‌ک دوو ده‌می پلایس وابوون، گۆشتی لاڕانی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌گرت و هه‌تا ژان نه‌گه‌یشتبایه‌ته دڵی گۆشته‌که‌ی نه‌ده‌بچڕی. ئا له‌به‌ر ئه‌مه بوو که‌س ژنی نه‌ده‌دایه.! هه‌موو له قسه‌کانی ده‌ترسان، ده‌چووه خوازبێنی هه‌ر کچێک ده‌یانگوت ئێمه نه خۆمانمان دۆزیوه‌ته‌وه‌و نه کچمان نه‌دۆزیه‌وه‌ته‌وه.! ئه‌هلی گه‌ڕه‌کیش بوو بوون به دوو به‌شه‌وه، به‌شێکیان تاک و ته‌راو که‌مینه بوون، هاوفکری زمناکۆ بوون، له‌هه‌ندێک شوێن به‌چاکه ناویان ده‌هێناو خۆیان به خۆیانیان ده‌گوت زمناکۆ قسه‌ی دڵی هه‌موومان ده‌کات. به‌ڵام له‌به‌دبه‌ختی زمناکۆدا که‌سیان کچیان نه‌بوو تا زمناکۆ بکه‌نه خزمی خۆیان. ئه‌وانه‌ی که کچیان هه‌بوو به‌شه‌که‌ی تر بوون که دژی زمناکۆ بوون، له شه‌وانی به‌ر ئاگردان و له مه‌ولودنامه‌کان و شایی و ئاهه‌نگی منداڵبوون و پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی و یاری کڵاوکڵاوێندا باسی قسه هیچوپوچ و حه‌یابه‌ره‌کانی زمناکۆیان ده‌کرد، خراپ هه‌ڵیان ده‌سه‌نگاندو ڕه‌واییان ده‌دا به خۆیان که‌بۆچی کچی ناده‌نێ، ئینجا زیاده‌شیان پێوه ده‌لکاند تا ئابڕووی ببه‌ن نه‌کا له ئاینده‌دا که‌سێک بیکاته زاوای خۆی. سروه‌ش وه‌ک زمناکۆی لێ هاتووه.! که‌مدوو، به‌ڵام جار جاره فه‌له‌کی ئه‌میش له‌کاروباری سیاسه‌تدا وه‌رچه‌رخانی به‌خۆوه دیوه‌و له پاشاوه بووه به گه‌دا، جار جاره زمانی له‌گه‌ڵ بیر‌و هزریدا هاوته‌ریب نه‌بووه‌و به‌ده‌می خۆی بیری خۆی به‌لا ڕێدا بردووه.! بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی خراپی هه‌بێت قسه‌ی ڕه‌قی کردووه.! به‌ڵام له ژینگه‌ی سیاسه‌ته خۆماڵیه بێ سه‌روبه‌ره‌که‌ی کوردستاندا ئه‌م زمان وه‌رچه‌رخانه وه‌ک بابه‌تێکی ئاسایی وه‌رناگیرێت. زمناکۆ به مه‌لای وتوبوو که بۆگه‌ن له ده‌مته‌وه دێته ده‌ره‌وه‌و پێویسته که جار جاره ده‌م و ددانه‌کانت بشۆیت، به‌ڵام خه‌ڵکه‌که بۆیان هه‌ڵگێرابوه‌وه‌و ده‌یانگوت ئه‌وه مه‌به‌ستی له ئایه‌ته‌کانی قورئانه. بۆ سروه‌ش وه‌هابوو، له‌م ڕۆژانه‌دا زمانی سروه وه‌رچه‌رخا، له‌چۆنێتی ده‌ربڕینه‌که‌یدا په‌شیمانه، به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌کان واقیعێکی دروست کردووه که ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داوای لێبوردنیش بکات هه‌ر لی قبوڵ ناکه‌ن.! ئه‌و مه‌به‌ستی بوو به‌رگری له خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه بکات به‌ڵام لێیانهه‌ڵگێرایه‌وه‌و وتیان سوکایه‌تی به سکۆمه‌ندیه‌کانی پێشمه‌رگه کردووه. ئه‌وانه‌ی که له بۆسه‌دا بۆی دانیشتبوون وایان زانیسروه زمناکۆیه‌و به‌شوێن ژن‌دا ده‌گه‌ڕێت ئیتر ئه‌م هه‌له‌یان قۆسته‌وه‌و کردیان به مه‌هزه‌له‌ی راگه‌یاندنه‌کان، به ئه‌خلاقی سیاسه‌تمه‌دارانی داوه‌شاوی کوردی لێیان خوێند، به ماکیاج و پینه‌په‌ڕۆی په‌راوێزخراوه‌کانی مێژووی شۆڕشدا هه‌ڵیانواسی، به سۆزی هاوسه‌رانی پێشمه‌رگه ده‌وره‌یان دا، هه‌ر خۆیان و له‌ناو خۆیاندا دابه‌شکردنی شه‌ره‌ف و ویژدان و دادپه‌روه‌ری و قسه‌ی هه‌ق و ناهه‌قیان بۆ خۆیان حه‌ڵاڵ کرد، به فیکه‌ی ڕه‌زاقورسه‌کانی رۆژانی سه‌رماو برسێتی ڕۆژانی شاخ مه‌حکه‌مه‌یان کرد، به‌ناوه وه‌همیه داتاشراوه‌کانی فه‌یسبووک سروه‌یان بێ ئه‌خلاق کرد. ئیتر ئه‌مه ئاستی رۆشنبیری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی کۆمه‌ڵگای باشووری کوردستانه، کاتی خواردنی کولێره عه‌شره‌ت هه‌مووی گلێره. قوڕ بۆ ئه‌و که‌سه‌ی ده‌که‌وێته به‌ر حه‌مله‌ی ڕاگه‌یاندنه سه‌قه‌تو سقووته‌که‌ی کوردی.! هه‌ر کات نۆبه‌ی هێرش هات هه‌موو له بۆسه‌دان و به‌ئاسانی سروه‌کان ده‌چنه ناو قه‌فه‌سی ئه‌و گوناهانه‌ی که ده‌یان ساڵه جه‌للاده‌کان به مرۆڤی ده‌که‌ن و وه‌ک به‌رزه‌کی بابان بۆیان چووه‌ته‌سه‌ر. هیچ گومانم نیه که قسه‌کانی سروه وه‌ک ده‌مه پلایسه‌که‌ی زمناکۆ گۆشتی لاڕانی که‌سانێکی زۆری گرتووه، بێ گومان ئازاری داون، به‌ڵام گومانیشم له‌وه نیه که گۆشتی لاڕانی هیچ به‌ناو سیاسیه‌کی چه‌ته‌ی نه‌گوشیوه، یه‌خه‌ی هیچ پاڵه‌وانێکی وه‌همی ناو فه‌یسبووک و فیکه‌لێده‌ری گه‌عده‌ی شه‌وان و چرای ده‌ستی دزه‌کانی نه‌دڕیوه، به‌ڵام سه‌مه‌ره‌که له‌مه‌دایه که هه‌ر ئه‌مانه‌ن ده‌یانه‌وێت که‌سایه‌تی سروه، به‌ناوی بێ شه‌ره‌فی و پاراستنی پیرۆزیه‌کانه‌وه به قردێله‌که‌ی ملی خۆی بیخنکێنن. ئه‌م به‌ناو ڕاگرتنی پرۆزیه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ست ناسکه چاوی کۆمه‌ڵیکی زۆری ئه‌م گه‌له‌ی ئێمه‌ی سپی کردووه. هه‌ر که‌سێک قسه‌یه‌کی کردبێت یان بێ شه‌ره‌فیان کردووه، یان کوشتویانه، یان تۆقاندویانه. سروه ڕۆڵه‌ی ژینگه‌یه‌که تاوانه‌که‌ی ئه‌و له‌وه‌ی هه‌موومان بچوکتره، خۆم وتومه‌و ده‌ڵێن دکتۆر عه‌لی وه‌ردیش نوسیوێتی: به شوێن هه‌ڵه‌کانی خۆمدا گه‌ڕام بینیم له %99 هه‌ڵه‌م هه‌یه، به‌ڵام که ته‌ماشای پیاوانی ئایینم کرد بینیم ئه‌وان له %100 هه‌ڵه‌یان هه‌یه. ئه‌گه‌ر سروه له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌کانی یه‌کێتی و پارتی و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتووی ئیسلامی‌دا به‌راورد بکه‌ین نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانه. با ئه‌و گومانه‌ش نه‌شارینه‌وه ئه‌م کاره‌ی دژ به سروه ده‌کرێت چه‌ندێک مه‌به‌ست لێی سروه‌یه ده هێنده به مه‌به‌ست دژ به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه.! چه‌ندێک به ڕووکه‌ش جموجۆڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه ده‌هێنده خیتابێکی سه‌قه‌تی سیاسی لایه‌نگره په‌راوێزخراوه‌کانی یه‌کێتی و پارتی و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتووه. چه‌ندێک مه‌به‌ست و په‌یوه‌ندی به به‌رزڕاگرتنی خوێنی پێشمه‌رگه‌و شکۆمه‌ندانی دوێنیه هه‌یه ده هێنده په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی به هه‌ڵبژاردنی سبه‌ینێوه هه‌یه.
|