بێئایینی چییە؟
پێناسەی بێئایینی
• فەرهەنگە کۆنەکان بەم شێوەیە پێناسەی ئیلحادیان کردووە: "بێئایینەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە (خودا، خالق، یاخود جیهانی میتافیزیک) نییە". ئەم پێناسەیە هەڵەیە. ئەوە ڕاستە کە باوەڕیان پێی نییە بەڵام پێداگری ناکەن. چونکە بێئایینەکان لە دەرئەنجامی زانستەکانەوە لە بوون و نەبوون و پێکهاتەی گەردوون و زیندەوەران تێدەگەن. ئەگەر ڕۆژگارێک زانستییەکان سەلماندیان کە (خودا، خالق، یاخود جیهانی میتافیزیک) هەیە، بەبێ هیچ گومانێک باوەڕی پێدەکەن.
کەواتە: بێئایینی بریتییە تەنیا لە یەک شت، ئەویش: نەبوونی باوەڕە بە ئایین و گوتارەکانی میتافیزیک.
بێئایینی باوەڕ بە گوتارە میتافیزیکییەکان ناکات، ئیتر پێویست ناکات بەڵگە لەسەر شتانێک بخەنەڕوو کە بوونیان نییە. شتێک، کە بوونی نەبێت، بەڵگەیەک نییە بسەلمێندرێت کە نییە.
ئەوانەی باوەڕیان بە (خودا، خالق) و گوتاری میتافیزی ئایینەکان هەیە، واتە باوەڕدارن و مرۆڤیش ئازادە باوەڕیان پێی هەبێت، بەڵام ئێمە بە هەڵەی دەزانین کە باوەڕداران پێداگری لەسەر بوونی بکەن، ئەگەر پێداگری بکەن، ئەوا پابەندەن بە نیشاندانی بەڵگەی زانستی.
• ڕوونتر: بێئایینی ڕەتکردنەوەی (خودا، خالق) نییە بەڵکو باوەڕی پێیان نییە، لەبەر ئەوەی دەرئەنجامی شیکارە زانستییەکان پاڵپشتی ناکات. پێداگری و ڕەتکردنەوەی ڕەهای (خودا، خالق، یان جیهانی میتافیزیک) کاری بێئایینەکان نییە؛ نە ئینکاری لێ دەکات نە پشتگیری دەکات، بوون و نەبوون بە پێوەری زانستی دەخوێنێتەوە.
زۆر جار کە پرسیار لە ئایینداران دەکرێت: ئایا تۆ چۆن دەیسەلمێنیت کە (خودا، خالق یاخود میتافیزک) هەیە؟ وەڵامی زانستییان نییە، بەڵکو هەوڵدەدەن بە (پرسیار) خۆیان لە وەڵامەکە بشارنەوە و دەپرسن: (ئەی کێ تۆی دروست کردووە؟ ئەی کێ ئەم گەردوونەی دروست کردووە؟ لەگەڵ زۆر پرسیاری دیکە، وەک: بابەتی ستەم، لێپرسینەوە، ڕەوشت و تادوایی) ئەمەش ئەو ڕاستییە دەگەیەنێت کە خۆشیان نازانن و ناتوانن بە بەڵگەوە بوونیان بسەلمێنن. دەردەکەوێت بەهۆی کولتوور و پەرستگاکان و پرۆگرامی خوێندن و ژینگەکەیانەوە بوونەتە باوڕدار و هێندە بۆیان دووبارە کراوەتەوە، لایان بووە بە حەقیقەتی ڕەها.
• هەندێك ئایین هەن باوەڕیان بە (خودا، خالق) نییە، لەوانە ئایینی بوودی. ئەوەش بەو مانایە نییە کە بوودی بێئایینن، یاخود بێئایینی بۆ خۆی ئایینە. کەواتە بێئایینی سیستەمێکی باوەڕداری نییە و ئایینیش نییە.
• لەگەڵ ئەو ڕاستییەی کە بێئایینی باوەڕی بە (خودا، خالق، جیهانی میتافیزیک) نییە، لە هەمان کاتیشدا کێشەی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئاییندارەکانیشدا نییە، بەڵکو ئاییندارەکانن کێشەیان لەگەڵ بێئایینەکاندا هەیە، بە گریمانەی ئەوەی کە ناتوانن بە بەڵگەی زانستی بوونیان بسەلمێنن، ئیتر هەست بە نەقسی بیرکردنەوەیان دەکەن و بەلایانەوە سەخت و نەنگییە دوای ساڵانێکی زۆر باوەڕیان بە ئایین هەبووە، ئێستا هەڵە بێت.
• هەندێك بێئایین وشەی وەك ئەگنۆستیك (دڵنیا نەبوون)، مرۆڤدۆست، عەلمانی، ڕۆشنبیر، بیرمەندی ئازاد، یان هەر زاراوەیەکی تر بۆ پێناسەی بێئایینی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەو وشانە وەك خۆپێناسەکردن هیچ کێشەیان نییە، بەڵام ئێمە بە توندی بانگەشە بۆ بەکارهێنانی وشەی (بێئایینی) دەکەین تا خەڵك باشتر لێی تێدەبگەن. بێئایینەکان شەرم ناکەن و ئەو زاراوانە بەکارناهێنن بۆ پۆشینی بێئایینییەکەیان یان بۆ ئەوەی خۆیان لەو وشەیە بپارێزن کە هەندێك پێیان وایە واتایەکی نەرێنی هەیە.
• پێویستە زاراوەی بێئایینی بەکاربهێنین چونکە هەموومان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەگەر خۆت بە مرۆڤدۆست، بیرمەندی ئازاد، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، یان.. یان.. ناودەبەیت و باوەڕت بە جیهانی میتافیزیکیش نییە، ئەوا تۆ بێئایینیت، شەرم لەو زاراوەیە مەکە و باوەشی بۆ بگرەوە.